سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەزگای (شاسەلمان)ـی سعوودیەدا کۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیاری دەزگای (شاسەلمان)ـی سعوودیە، پێزانینی بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆر و ڕایگەیاند، هاتووە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە كاری خێرخوازی و مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و وڵاتەكەیشی حەز بە گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی دەكات بۆ ناوچەكە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 3ـی 2017، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (د. عەبدوللا بن عەبدولعەزیز بن محەممەد ئەلرەبیعه) ڕاوێژكار لە دیوانی پاشایەتیی شانشینی سعوودیە و سەرپەرشتیاری گشتیی دەزگای (شاسەلمان) بۆ هاوكاریی مرۆیی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرپەرشتیاری دەزگای (شاسەلمان)ـی سعوودیە، سڵاو و ڕێزی پاشای سعوودیەی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند، هەروەها وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) پێزانینی بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان هەبوو لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی تیرۆر و، سوپاسی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم و هەروەها ڕێكخراوەكانی كوردستان بە تایبەت دەزگای خێرخوازیی (بارزانیی نەمر) كرد كە یارمەتی و هاوكاریی بەرچاویان پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە كاری خێرخوازی و مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و وڵاتەكەیشی حەز بە گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی دەكات بۆ ناوچەكە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی پاشای سعوودیەی كرد و دەستخۆشی لە كار و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای (شاسەلمان) كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری بوونی شەڕ و كێشەی ئابووری و تەحەددیاتی زۆر، هەرێمی كوردستان میوانداریی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی كردووە. لە درێژەی وتەكەیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان گەلی كوردستان كرد و، ئاماژەی بەوەدا كە لە ڕاپەڕینی 1991ـدا گەلی كوردستان هەرچەندە جینۆساید و ئەنفال كرا بوو، بەڵام لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ عێراقدا دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ئەو بابەتە فەرهەنگی لێبوردەیی پێكەوەژیانی لە كوردستان قووڵتر كرد.





