٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: باشترین وەفا و وەڵام بۆ ڕاپەڕین و پێشمەرگە، سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەكجارەكییە.. یەكڕیزی و یەكدەنگی وانەی پڕبەهای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ـە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، یادی ڕاپەڕین لە كاتێك دەكرێتەوە كە پێشمەرگە قارەمانەكان سەركەوتنی مەزنیان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار كردووە، باشترین وەفا و وەڵامیش بۆ ڕاپەڕین و پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی كوردستان سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەكجارەكییە. هه‌ر له‌و یاده‌دا (سه‌رۆك بارزانی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، زیاتر لە هەر كاتێك پێویستمان بە هەست بە بەرپرسیارێتی و یەكڕیزی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانە، بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان مسۆگەر ببن و ئەو قۆناغە هەستیارە بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنین.

ده‌قی  پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی بیستوشەشساڵەی ڕاپەڕینی جەماوەری كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بیستوشەش ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە دژی ستەم و زۆرداری و داگیركاریدا تێدەپەڕێت. ئەو ڕاپەڕینەی ئەزموونێكی بێوێنەی مێژووی گەلی كوردستانە لە یەكڕیزی و سەركەوتندا. یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتیی گەل بوو بەهۆی بەدیهاتنی سەركەوتنی ڕاپەڕین كە خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێك لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو و، ئەو پارلەمان و حكوومەت و هەڵبژاردن و ئازادی لێكەوتەوە.
یەكڕیزی و یەكدەنگی وانەی پڕبەهای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ـە هەم  بۆ ئێستا و بۆ نەوەكانی ئاییندەیش. ئێستا كە گەلەكەمان لە قۆناغێكی پڕ لە دەرفەت و تەحەدیاتدا دەژیێت، لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، زیاتر لە هەر كاتێك پێویستیمان بە هەست بە بەرپرسیارێتی و یەكڕیزی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانە، بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان مسۆگەر ببن و ئەو قۆناغە هەستیارە بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنین.
یادی ڕاپەڕین لە كاتێك دەكەینەوە كە پێشمەرگە قارەمانەكانمان سەركەوتنی مەزنیان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار كردووە، گەلی كوردستان قوربانی داوە و تەحەمولی سەختی و قۆناغە دژوارەكانی كردووە، بۆیەشە باشترین وەفا و وەڵام بۆ ڕاپەڕین و پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی كوردستان سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەكجارەكییە. بە پێویستی دەزانم ئەوە بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان ڕابگەیێنم كە ئاییندەیەكی گەش و ڕووناك چاوەڕێی وڵاتەكەمان دەكات و، ڕاپەڕین و خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەل بەرهەم و ئەنجامی دەبێت.
لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان و ڕێز و پێزانینم بۆ ئەو تێكۆشەر و قارەمان و هاووڵاتییانە هەیە كە ڕۆڵیان لە ڕاپەڕین و یارمەتیدانی پێشمەرگە و سەرخستنی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستاندا هەبوو.

مه‌سعوود بارزانی
5ـی 3ـی 2017

هەواڵی پەیوەندیدار