سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا كۆ بوونەوە

تورکیا-KDP.info- لە درێژەی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتی توركیا ڕۆژی دووشەممە 27ـی 2ـی 2017، لە شاری ئانكارا (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن (بینالی یڵدرم) پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و هەروەها باسیش لە سەردانی چاوەڕوانكراوی شاندێكی حكوومەتی هەرێم كرا بۆ وڵاتی توركیا بە مەبەستی تاوتوێكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەدوای كۆبوونەوەكە نیوەڕۆخوانێك لەسەر شەرەفی (سەرۆك بارزانی) لە كۆشكی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا لە لایەن سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕێك خرا .
لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون.
دوێنێ یەكشەممە 26-2-2017، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای کرد و لە ئیستانبووڵ لەگەڵ (رەجەب تەییب ئەردۆغان) سەرۆككۆماری توركیادا كۆ بووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممەش لە ئانکارا لەگەڵ شاندی (بەدەپە) کە (ئەحمەد تورک) سەرۆکایەتیی دەکرد، كۆ بووەوە.







