سەرۆككۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە

ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و سهرۆككۆماری توركیادا، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لە بواری ئابووری، شەڕی تیرۆریستانی داعش و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خرانە بەر باس و، سەرۆككۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە.
ڕۆژی یەكشەممە 26ـی 2ـی 2017، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی سەرۆككۆماری توركیا گەییشتە توركیا و لە فڕگەی شاری ئیستانبووڵ لە لایەن (ئەحمەد یڵدیز) جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا پێشوازی كرا و، پێشوازیكردنەكەیش هاوكات بوو لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە فڕگەی ئیستانبووڵ. دواتر هەر لە شاری ئیستانبووڵی توركیا، (سەرۆك بارزانی) و (ڕەجەب تەییب ئەردۆگان) سەرۆككۆماری توركیا كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە (برات بەیراق) وەزیری وزە و (ئەحمەد یڵدیز) جێگری وەزیری دەرەوە و (هاكان فیدان) سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا ئامادە بوون، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لە بواری ئابووری خرایە بەر باس و، وێڕای ئاماژەدان بە دەرئەنجامەكانی سەردانی پێشووی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆككۆماری توركیا ڕایگەیاند كە بۆ تاوتووكردنی بارودۆخی ئابووریی هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و، سەرۆككۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپات كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و كۆنفڕانسی جێنێڤ و دواگۆڕانكارییەكان لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی كاریگەر لەسەر ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی باسە لەو دیدارەدا (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون.






