سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە توركیا؛ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆ دەبێتەوە

ئیستانبوڵ-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) کەمێک پێش ئێستا گەیشتە ئیستانبوڵ و لە فڕگەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە لایەن بەرپرسانی تورکیا پێشوازی لێ کرا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) کەمێک پێش ئێستا بە سەردانێکی فەرمیی و لەسەر بانگهێشتی تورکیا سەردانی تورکیای کرد و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی ئەتاتورک لە لایەن بەرپرسانی تورکیا پێشوازی لێ کرا و ئاڵای کوردستانیش لە فڕگەی ئەتاتورک هەڵ درا.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (سەفین دزەیی) لە ئیستانبوڵ رایگەیاند کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستانبوڵ کۆدەبێتەوە و سبەینێیش لە ئانکارا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆ دەبێتەوە.

(سەفین دزەیی) گوتیشی، لە دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، گۆڕانکاری ناوچەکە تاوتوو دەکرێ.
بە گوێرەی مێدیایی تورکیایش سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، گرینگی زۆری دەبێ و نووسیویانە کە ئەمڕۆ میوانێکی گەورە و گرینگ لە ئیستانبوڵە.





