سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی تورکیادا کۆ دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- وا بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، (مەسعوود بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا بکات و، لەگەڵ گەورەبەرسانی ئەو وڵاتەدا شەڕی تیرۆر، مووسڵی پاش داعش و پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و ئانکارا بخەنە بەر باسەوە.
پێنجشەممە 16ـی 2ـی 2017، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری مونیخی ئەڵمانیا لەگەڵ شاندێكی سەربازی و سیاسیی هەرێمی كوردستان لە رێگەی فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی كوردستان بەڕێكەوت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی کۆنفڕانسە سێ رۆژییەکەی مونیخدا دیدارگەلی لەگەڵ چەندان سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیرانی وڵاتاندا ساز دا، پاشان بە داوەتی فەرمیی (فڕوانسوا ئۆلاند)سەرۆککۆماری فەڕەنسا، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و دایدار و کۆبوونەوەی گرینگی ساز دا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەم سەردانەی ئەمڕۆ یەکشەممەشیدا بۆ تورکیا، (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ (رەجەب تەییب ئەردۆغان)سەرۆککۆماری تورکیا و (بینالی یڵدرم) سەرۆکوەزیراندا کۆ ببێتەوە و، شەڕی تیرۆریستانی داعش و، چۆنیەتیی ئیدارەدانەوەی مووسڵی پاش داعش، هەروەها پێوەندیی سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئانکارا و هەولێر، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبن.




