٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info-  لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی له‌ میونشن، (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوە.

ئەم كۆبوونەوەیە دووەم كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی (دۆناڵد ترەمپ)، رۆژی هەینیش 17-2-2017، (بارزانی) لەگەڵ (جەیمس ماتیس)، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا کۆبووەوە.

 

پێشتر (سەرۆک بارزانی) و (مایک پێنس) بە تەلەفۆن قسەیان كردبوو و هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كردبووەوە.

رۆژی 2-12-2016، (مایک پێنس) پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان كرد و پاڵپشتیی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە.

لەو پێوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بەوەی پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە نیشاندا و، "ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان".

(مایک پێنس) لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمریكاش پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار