کوتلەی المتحدون: بۆ قۆناغی دوای داعشیش، چاومان لە ڕۆڵی گرینگ و سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانییه

هەولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی کوتلەی المتحدون ڕایگهیاند، ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی (سەرۆک بارزانی) نەبوایە، داعش بەو هەموو هێز و توانایەوە دووچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبووهوە و ناوچەکە چارەنووسێکی مەترسیداری دەبوو. گوتیشی كه، بۆ قۆناغی دوای داعشیش کە زۆر هەستیارە، چاویان لە ڕۆڵی گرینگ و سەرکردایەتیی (بارزانی)یه.
ڕۆژی دووشەممە 14ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێكی باڵای كوتلەی المتحدون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە (فازڵ میرانی) سكرتێر و (دکتۆر ڕۆژ نووری شاوێس و هوشیار زێباری و ئازاد بەرواری) ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دواسەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و ناوچەكانی تر تاوتوو كرا و، هەماهەنگی و پلانی هاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە بەرز نرخێندرا؛ شاندی میوان پیرۆزباییان لە (سەرۆک بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی لە شەڕی دژی تیرۆریستان وەدەست هاتوون و ڕایانگەیاند، ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی (سەرۆک بارزانی) نەبوایە، داعش بەو هەموو هێز و توانایەوە دووچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبووهوە و ناوچەکە چارەنووسێکی مەترسیداری دەبوو و بۆ قۆناغی دوای داعشیش کە زۆر هەستیارە، چاومان لە ڕۆڵی گرینگ و سەرکردایەتیی بەڕێزیانە.
هەورەها سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لیقەوماوان و ڕایانگەیاند کە هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکەن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، کە حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە، چونکە ئەوە نەهج و بەهای بەرزی خەڵکی کوردستانە. سەبارەت بە قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ و شکاندنی تیرۆریستان، (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ چەندجارێک داوام کرد کە لەگەڵ پرۆسەی سەربازیدا پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەبێت، تا داهاتووی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هەموو ئەگەر و تەحەدیاتەکان لەبەرچاو بگیرێن، ئێستایش کە لیژنەی هەماهەنگی هەیە، ئومێدمان وایە بە جیددی کار بۆ قۆناغی دوای داعش بکرێت و هەماهەنگییەک هەبێت کە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بگیرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی دوای ئازادکردنی مووسڵ دێنە پێش، بەجۆرێک کە سەقامگیری و ئارامی بۆ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە مسۆگەر بکرێت و، ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت و متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە.




