٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراقدا، پێزانینی وڵاتەکەی بە سەرۆک بارزانی راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقدا، پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا لە سەرۆك بارزانی كرد و، پێزانینی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند لەمەڕ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هیوای خواست ئەوە ببێتە زەمینەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان هەردوولا لە بواری ئاساییشی ناوچەكە دا.

ڕۆژی یەكشەممە  13ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆگڵاس سڵیمەن باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەگەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پێزانینی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند لەمەڕ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هیوای خواست ئەوە ببێتە زەمینەیەك بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نێوان هەردوولا لە بواری ئاساییشی ناوچەكە دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەوەی كە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق سەركەوتن و دەستكەوتی باشی بەدوادا هاتووە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ساڵیادی ئازادكردنی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی ئێزیدییەكان و ئەو نەهامەتییانەی كە بە درێژایی مێژوو بەرۆكی خوشك و برا ئێزیدییەكانی گرتووە و ڕایگەیاند هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە كار بۆ ئەوە كرا كە ئێزیدییەكان بەشداری خەباتی سیاسیی گەلەكەیان بن و ڕێگە لە چەوساندنەوەیان بگیرێت، ئێستایش هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە ئێزییدییەكان بتوانن خۆیان خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن و هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە یارمەتیی ئێزییدییەكان دەدات كە پارێزگاری لە خۆیان بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و حكوومەتی عێراق كرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار