پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و عێراق: پەیام و سیاسەتی سەرۆك بارزانی بۆ مەسیحییەكان، دڵنیاییكەرەوە و ئومێدبەخشن

ههولێر-KDP.info- لە دیداریدا لهگهڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری، سوپاسی هەوڵەكانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەكان و ئازادكردنی ناوچە مەسیحیینشینەكانی دەشتی نەینەوا؛ هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پەیام و سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) كە بۆ مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق پەیامی دڵنیاییكەرەوە و ئومێدبەخشن.
ڕۆژی شەممە 12ـی 11ـی 2016، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پاتریاك گۆرگیسی سێیەم (سڵێوە) پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سێنهادۆسی پیرۆزی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری.
لە دیدارەكەدا پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە گوتەیەكدا سوپاسی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ پاراستنی پێكهاتەكان و ئازادكردنی ناوچە مەسیحیینشینەكانی دەشتی نەینەوا؛ هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پەیام و سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) كە بۆ مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق پەیامی دڵنیاییكەرەوە و ئومێدبەخشن.
پاتریاكی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووری هەروەها سوپاس و پێزانینی كڵێسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری ڕاگەیاند لەبەرانبەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستان بۆ پەنادان و حەواندنەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی پێداویستی و پاراستنی ژیانیان، ئەوەیشی خستەڕوو كە هەموو ئەوانە هاندەرێكی بەهێزن كە مەسیحییەكان بە هیوایەكی زۆرەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەیان كرد و پێزانینیان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. ئەندامانی ئەنجوومەنی سێنهادۆسی پیرۆزی كڵێسای ڕۆژهەڵاتی ئاشووریی هیوای پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و ئاشتیان بۆ گەلی كوردستان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان خواست.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە دەشتی نەینەوا، باسی لە ڕێككەوتن و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق كرد و ڕایگەیاند كە سەركەوتنی زۆر مەزن لەسەر دەستی پێشمەرگە بەدیهاتووە.
(سەرۆك بارزانی) هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە تیرۆریستان كاولكارییەكی زۆریان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە و پێویستە كە ناوچە ئازادكراوەكان ئاوەدان بكرێنەوە و خەڵك بۆ شوێنەكانیان بگەڕێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش هەوڵێكی جیددی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.





