٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ڕاگواستن و جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی بە هیچ شێوەیەك سیاسەتی هەرێمی كوردستان نەبووە و ناشبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێشوازی شاندێكی كوتلەی ئیئتیلافی عەرەبیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە، ڕاگواستن و جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی بە هیچ شێوەیەك سیاسەتی هەرێمی كوردستان نەبووە و ناشبێت.

ڕۆژی یەكشەممە 6ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كوتلەی ئیئتیلافی عەرەبیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی د. ساڵح ئەلموتلەك كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی تر تاوتوێ كرا و هەماهەنگی و پلانی هاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە مێژوویی وەسف كرا و ئومێدی ئەوەیش خوازرا كە هەرچی زووترە كۆتایی بە تیرۆریستانی داعش بێت و كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت.

هەورەها باس لە گرفتی گەڕانەوەی ئاوارەكان و پەلاماری ئەو دوایەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كەركووك كرا و هاوكاریی هاووڵاتیان لەگەڵ دەزگە ئەمنییەكانی شاری كەركووك بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخێندرا. پەیوەست بە بابەتی ئاوارەكان شاندی میوان داوایان كرد كە ئیجرائات لەگەڵ خەڵكی تاوانبار و ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعشدا هەبووە بكرێت و بە ڕێز و كەرامەتەوە خەڵكی ئاسایی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچە ئازاد كراوەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو نەهامەتیانەی لە ئەنجامی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بەسەر گەلی كوردستان و پێكهاتەكاندا هاتووە، جەختی لەوە كردەوە كە ڕاگواستن و جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی بە هیچ شێوەیەك سیاسەتی هەرێمی كوردستان نەبووە و ناشبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە میواندارییكردنی سەدانهەزار ئاوارە لە لایەن خەڵكی كوردستان بەڵگەیەكی ڕوونە كە هەرێمی كوردستان پەرۆشی ژیانی خەڵكی سڤیلە و بڕوای بە جیاكاریی نەوتەوەیی و ئایینی نییە.
هەر لەم دانیشتنەدا باس لە قۆناغی دوای داعش و پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرا و جەخت لە پێویستی پاراستنی ژیان و سەروماڵی هاووڵاتیانی بێتاوان و هەروەها هێنانەكایەوەی متمانەی نێوان پێكهاتەكان كرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار