٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکوەزیرانی سوید پاڵپشتیی درێژخایەنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆكوەزیرانی سوید خۆشحاڵیی خۆی بە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان نیشان دا و جەختی لە پاڵپشتیی  و پابەندبوونی درێژخایەنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردەوە و ڕایگەیاند حكوومەتی سوید بەنیازە ژمارەی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات.

ڕۆژی سیشەممە 25ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستێفان لۆفێن سەرۆك وەزیرانی سوید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی سوید خۆشحاڵیی خۆی بە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان نیشان دا و جەختی لە پاڵپشتیی  و پابەندبوونی درێژخایەنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردەوە و ڕایگەیاند حكوومەتی سوید بەنیازە ژمارەی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. سەرۆكوەزیرانی سوید سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ڕێزی بۆ مێژوو و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەیە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەرز نرخاند.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك وەزیرانی سوید و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی سویدی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو یارمەتی گەلی كوردستانیان داوە و بوونەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان و پێزانینی خۆیشی بۆ ڕۆڵی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوید نیشان دا لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە. لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی ئازادكردنی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لە پێویستی بوونی پلانێكی سیاسی كردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشەكان و پاراستنی پێكهاتەكان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان هیچ كات نابێتە لایەنێك لە ململانێی تاییفی. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازی دەبێ شەڕی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریستان بكرێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان نیگەرانییەكانی خۆیان لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و چارەنووسی پێكهاتەكان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.
دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكە و هەروەها ڕەچاوكردنی مافی ئافرەت و بەشداریی كارای ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا تەوەرێكی تری ئەم دانیشتنە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار