سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یەكێتیی نووسەرانی كوردستان.سووریا، کرد

هەولێر-KDP.info- لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان–سووریا ڕایانگەیاند كە گەلەكەمان بە ئومێدەوە دەڕوانیتە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی و پێشڤەبردنی داواكانی گەلی كوردستان.
ڕۆژی یەكشەممە 9ـی 10ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان- سووریا كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان- سووریا سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ پشتگیریكردن و یارمەتیدانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا و كورتەیەكیان لە ئەرك و چالاكییەكانیان لە بواری ڕۆشنبیری و خزمەتكردنی پڕۆژەی نەتەوایەتی لە كوردستانی سووریا باس كرد. پێزانینیشیان بۆ خەبات و قوربانیدانی خەڵك و پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتییكردنی دۆزی ڕەوای كوردستان هەبوو.
لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا شاندی میوان ڕۆشناییان خستەسەر كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لە كوردستانی سووریا و نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ گۆڕینی دیموگرافی و گوشارە سیاسییەكان و بارودۆخی خەڵك نیشان دا و ڕایانگەیاند كە گەلەكەمان بە ئومێدەوە دەڕوانیتە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی و پێشڤەبردنی داواكانی گەلی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوان كرد و دەستخۆشی لە چالاكی و كارەكانی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان – سووریا كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و سووریا سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستانی سووریای كرد كە لەبەرانبەر هەڕەشە و تەحەدیاتەكاندا خۆڕاگر بوونە و ڕاشیگەیاند هەروەكچۆن پێشتر پشتیوانیان بووە لە ئێستا و داهاتوویشدا بە هەموو توانایەك پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە سووریا دەبێ.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تێبینی و بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی سووریا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەنگاوەكان بەرەو سەربەخۆیی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.




