٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا: ئەمەریكا پاڵپشتی ڕاستگۆیی و سیاسەتی پڕمتمانەی (سەرۆك بارزانی)یە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ چوارشەممە 5ـی 10ـی 2016، (جۆ بایدن) جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، به‌ تەلەفۆن پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ كرد و، جەختی كردەوە، كە ئەمەریكا پاڵپشتی ڕاستگۆیی و سیاسەتی پڕمتمانەی (سەرۆك بارزانی)یە.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی هەبوو و، پشتیوانیی خۆیشی بۆ سیاسەت و ستراتیژی (سەرۆك بارزانی) و شێوازی سەركردایەتیكردنی ڕاگەیاند.
  (جۆ بایدن) ئەوەیشی خستەڕوو، كە ئەو سەركەوتنانەی لە شەڕی تیرۆر بەدەست هاتووە، دەرئەنجامی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و هاوپەیمانان بووە و پێكەوە كاری هاوبەشی جیددییش بۆ كۆتاییهێنان بە داعش ئەنجام دەدەن.
هەروەها پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ ڕێككەوتن و پلانی سەربازیی ئازادكردنی مووسڵ دووپات كردەوە.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا هاوكات پیرۆزبایی لە (سەرۆك بارزانی) كرد لەوەی كە سەردانی چەند ڕۆژ پێشی بۆ بەغدا سەركەوتوو بووە و ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و، جەختی كردەوە، كە ئەمەریكا پاڵپشتی ڕاستگۆیی و سیاسەتی پڕمتمانەی (سەرۆك بارزانی)یە.

لەبەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پێشمەرگە بوونە و، ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان شەڕی تیرۆر بە ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆڤی و بە ئەولەویەتی خۆی دەزانێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا باس لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەی ئاوارەكان كرا و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وردەكاریی پلانی وڵاتەكەی بۆ گرفتی ئاوارەكان و هاوكاریی دارایی بۆ ئایندەی مووسڵ خستەڕوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار