٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

كۆریای باشوور، نووسینگەی باڵیۆزخانە بۆ كۆنسووڵخانە بەرز دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور لە عێراق، لە دیدارێكیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ناوی گەل و حكوومەتی كۆریای باشوورەوە سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، پیرۆزباییشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا بە دەستیان هێناوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 10ـی 2016، لە سەڵاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (سۆنگ ڤوونگ یوب) باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق بە ناوی گەل و حكوومەتی كۆریای باشوور سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، پیرۆزباییشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا بە دەستیان هێناوە و، ئەوەیشی خستە ڕوو كە لەوە دڵنیان گەلی كوردستان بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) بەسەر ئاستەنگەكاندا سەر دەكەوێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەردانی چەند ڕۆژ پێشی (سەرۆك بارزانی)ـی بۆ بەغدا بە گرینگ و مێژوویی وەسف كرد و، هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن.

باڵیۆزی كۆریای باشوور (سەرۆك بارزانی)ـی لەوە ئاگادار كردەوە كە وڵاتەكەی بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە شاری هەولێر لە نووسینگەی باڵیۆزخانە بۆ كۆنسووڵخانە بەرز بكاتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە توانا ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئامادەییی وڵاتەكەی خستە ڕوو بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كار و پڕۆژەی هاوبەش.

لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور خواست و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی فرقەی زەیتوونی كۆریای باشوور دا و وەك پردێكی بەهێزی پەیوەندیی نێوان كوردستان و كۆریای لە قەڵەم دا.
(سەرۆك بارزانی) هەروەها ئەوەیشی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو كە، گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی كۆریای باشوور هەیە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهانی و ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار