بارزانی و حەکیم جەختیان لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.. سەرۆک بارزانی: سەربەخۆیی, مافی رەوای گەلی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی عەممار ئهلحەکیم، لە پڕیسکۆنفرانسێکدا بارزانی و ئهلحەکیم رایانگەیاند، کە پێویستە گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبێ و جەختیشیان لە چارەکردنی کێشەکان کردەوە.
لەدەستپێکدا عەمار ئهلحەکیم رایگەیاند، جەختمان کردەوە لەسەر گرینگیی ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی و، لەسەرمانە بەدوای چارەسەری سیاسی و سەربازی و ئابووری بگەڕێین و، بەدوای نەخشەڕێگایەکی پراکتیکیدا بگەڕێین بۆ چارەکردنی کێشەکان.
گوتیشی، باسمان لە شەڕی نەینەوا و ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە كرد لە دوای شەڕی داعش و تا بە هەماهەنگیی عێراق و هەرێم نەخشەڕێگایەکی دروست هەبێ بۆ ئیدارەدانی مووسڵ.
ئاماژەیشی دا، کە خەمی سیاسی لە دانیشتنەکەدا باس کرا و بۆ دۆخی ئابوورییش، باسی ریگەچارەکانمان کرد.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی عەممار ئهلحەکیم گوتیشی، ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی دەبێتە دەستپێکێک بۆ هاوبەشییەکی راستەقینە کە بە دەستێک سەرکەوتنی سەربازی و بە دەستێکیش ئاشتەواییی نیشتمانی بەدەست بێنن.
هاوكات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، کە ئەولەویەتێک هەیە لە بابەتەکانمان ئەویش شەڕی دژ بە تیرۆرە، توانیمان رێککەوین بۆ دانانی پلانێکی سەربازیی گشتگیر لەنێوان پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا بۆ رزگارکردنی مووسڵ.
بارزانی رایگەیاند، لە ڕووی سەربازییەوە بۆ رزگارکردنی مووسڵ پلانەکە بەنزیکەیی تەواو بووە و دەبێ هەماهەنگیی تەواو هەبێ لە نێوان هەولێر و بەغدادا.
راشیگەیاند کە، باسمان لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد وەک تەنگژەی نەبوونی متمانە و، رێککەوتین کە گفتوگۆکانمان بەردەوام بن و چارە بۆ هەموو کێشەکان بدۆزینەوە.
سەرۆک بارزانی لە بابەت سەربەخۆییی کوردستانیشەوە رایگەیاند، سەربەخۆیی مافی رەوای گەلی کوردستانە و، ئەو پرسەیش بە تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا تاوتوو دەکەین.




