یان كۆبیچ، نێوەرۆکی باسوخواسی شەڕی داعشی لە یوئێن، بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند

هەولیر-KDP.info- نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە ئەنجام و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی نیویۆرك پەیوەست بە شەڕی داعش لە عێراق و سووریا و سەردانی شاندی هاوبەشی عێراق و هەرێم بۆ ئەمەریكا ئاگادار كردەوە.
ڕۆژی دووشەممە 26ـی 9ـی 2016، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (یان كۆبیچ) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، (سەرۆك بارزانی)ـی لە ئەنجام و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی نیویۆرك پەیوەست بە شەڕی داعش لە عێراق و سووریا و سەردانی شاندی هاوبەشی عێراق و هەرێم بۆ ئەمەریكا ئاگادار كردەوە.
(یان كۆبیچ)هەروەها پشتیوانیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ تێبینی و پێشنیازەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ قۆناغی دوای داعش و ڕێگری لە دروستبوونی گرفتەكان ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە هەماهەنگیی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراقی و، ئەو هەماهەنگییەی بە گرینگ وەسف كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چارەكردنی كێشەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.




