٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بارزانی و فاڵۆن جەختیان لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاساییش و گەرەنتیكردنی ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگری بەریتانیا، قۆناغی دوای داعش و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و هەردوولا جەختیان لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاساییش و گەرەنتیكردنی ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مایكڵ فاڵۆن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و جەنەڕاڵ تۆم بەكێت نێردەی تایبەتی حكوومەتی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی بریتانیا.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا، سەرۆك بارزانیی لە بۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی شەڕی داعش و هاوكاریكردنی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە و ڕایگەیاند كە بریتانیا بەردەوام دەبێت لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و پێدانی ڕاوێژ بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە بریتانیا پلانی هەیە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئاوارەكان. ستاییشی هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە ئازایەنە پێكهاتەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە و قوربانیان داوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی بریتانیای كرد كە هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەردانی وەزیری بەرگریی بریتانیاشی بە گرنگ و جێگەی بایەخ وەسف كرد.


هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بە وردی بیروڕا لەبارەی بایەخی ئازادكردنی مووسڵ ئاڵوگۆڕ كرا و باسی ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرا.
قۆناغی دوای داعش و مەترسی و تەحەدیاتەكانی ئەو قۆناغە و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و هەردوولا جەختیان لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاساییش و گەرەنتیكردنی ژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كردەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار