٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌ كوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی‌ كوردستان دەکات بە بۆنەی ٤٦ ساڵەی دامەزراندنیانەوە و لە پەیامەکەدا هاتووە، هیوادارم له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌ی خۆتان به‌رده‌وام بن بۆ خزمه‌تی گه‌لی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سه‌ر بنەمای خۆشه‌ویستیی نیشتمان و لێبورده‌یی و راوه‌ستان دژ به‌ دیارده‌ی تیرۆر و دژی هەموو ئەو بیر و کردارانە بن کە پێچەوانەی ئایینی ئیسلام و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانن و ئامانجیان بەکارهێنانی ئایینە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی دونیایی و لادان لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:


به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌رێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی

سڵاوی خواتان لێ‌ بێت
به‌ بۆنه‌ی 46 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌كه‌تان گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوەی بەڕێز‌ و سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ كوردستان ده‌كه‌م .
مامۆستایانی ئایینی هەمیشە پێشەوا و سەرکردەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بوونە و لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییکردن لە خاک و گەلەکەیاندان. ئەو ڕۆڵە پڕشنگدارەی مامۆستایانی ئایینی و یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا چەسپاوە. ئێستاش کە توندڕۆیی و تیرۆر هەڕەشە لە گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی دەکات، ئەرکی ئێوەی بەڕێز گرینگتر و هەستیارترە، لەوە دڵنیاین کە مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان ئامادەن بە گیانی پێشمەرگانەوە بەرگریکاری کوردستان بن، لەهەمان کاتدا ئەرکی ئێوەیە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیری توندڕۆیی و تەکفیری لەناو گەلەکەمان بگرن و شەڕی هزری توندڕۆیی و تیرۆر بکەن.


هیوادارم له‌ سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ پیرۆزه‌ی خۆتان به‌رده‌وام بن بۆ خزمه‌تی گه‌لی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سه‌ر بنەمای خۆشه‌ویستیی نیشتمان و لێبورده‌یی و راوه‌ستان دژ به‌ دیارده‌ی تیرۆر و دژی هەموو ئەو بیر و کردارانە بن کە پێچەوانەی ئایینی ئیسلام و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كانن و ئامانجیان بەکارهێنانی ئایینە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی دونیایی و لادان لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی.
خوای مه‌زن پشت و په‌ناتان بێت.

مەسعوود بارزانی
20/9/2016
 

هەواڵی پەیوەندیدار