٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

فەرەنسا دوای نەمانی داعش هەر هاوکاری هەرێم دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کونسووڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێر، ستاییشی گیانی هاوخەمی و هاوكاریی گەلی كوردستانی كرد بۆ ئاوارە و لێقەوماوان و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند كە لە قۆناغی دوای داعش یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و نەهێشتنی ئاسەواری شەڕ و هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە ئازادكراوەكان.

ڕۆژی سێشەممە 20ـی 9ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆمینیك ماس كونسووڵی نوێی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسووڵی نوێی فەڕەنسا لە هەولێر دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی و خزمەتكردنی وەك كوونسوڵ لە كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی هەردوولا جەختیشی لە دۆستایەتی گەلی فەڕەنسا و گەلی كوردستان كردەوە. هەروەها ستاییشی گیانی هاوخەمی و هاوكاریی گەلی كوردستانی كرد بۆ ئاوارە و لێقەوماوان و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند كە لە قۆناغی دوای داعش یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و نەهێشتنی ئاسەواری شەڕ و هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە ئازادكراوەكان.

كونسووڵی فەڕەنسا ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و لە هاوكارییە سەربازییەكانی بەردەوام دەبێت.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی كونسووڵی نوێی فەڕەنسای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و تەئكیدی لەوە كردەوە كە پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان قووڵ و مێژووییە و كوردستان ئامادەیە بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییە ئابووری و كولتووری و سیاسییەكان و بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە هیچ سەقفێك بوونی نییە.
شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار