سەرۆک بارزانی: خۆڕاگری و بەرخودانی چینوتوێژەکانی کوردستان ئەنجامی دەبێ..دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمانە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پەیامیدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە خەڵکی کوردستان و موسوڵمانانی عێراق و جیهان، رایگەیاند سوپاسی خۆڕاگری و تەحەمولی هاووڵاتیان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم و لەوە دڵنیام خۆڕاگری و بەرخودانیان لەبەرانبەر گرفت و كێشەكان ئەنجامی دەبێت و دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمانە.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەم و هیوای چاكبوونەوە و ئارامیان بۆ دەخوازم. هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.
بە پێویستی دەزانم ئەم بۆنە پیرۆزە لە حاجیانی كوردستان و ڕێبوارانی ماڵی خودا پیرۆز بكەم و لە خودای مەزن داواكارم حەج و عیبادەتیان قەبوول بكات. هیوادارم جەژنی پیرۆزی قوربان ببێتە مایە نەمانی یەكجارەكی تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی و هەموو ئاوارەكان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان و ناوچەكە قووڵ ببێتەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و كێشەكان بێت.
سوپاسی خۆڕاگری و تەحەمولی هاووڵاتیان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم و لەوە دڵنیام خۆڕاگری و بەرخودانیان لەبەرانبەر گرفت و كێشەكان ئەنجامی دەبێت و دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمانە.
جەژنتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم
مەسعوود بارزانی
11ـی 9ـی 2016




