سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەڕەنسا كۆ بوونەوە

فەرەنسا-KDP.info- سەرۆکی کوردستان مەسعوود بارزانی لە لایەن سەرۆکی فەرەنسا (فرانسوا ھۆلاند) لە کۆشکی (ئێلیزێ) پێشوازی لێ کرا و، له کۆبوونەوەیهی نێوانیاندا پرسگهلێكیان خستنه بهر باسهوه.
ڕۆژی پێنجشەممە 8ـی 9ـی 2016 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی فەڕەنسا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی كۆشكی ئێلیزەی كرد لە شاری پاریس و بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لێكرا.
لە دیدارەكەدا كە وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەركانی سوپای فەڕەنسا و بێرنارد كۆشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕەنسا و دۆستی گەلی كوردستان و ژمارەیەك ڕاوێژكاری حكوومەتی فەڕەنسا ئامادە بوون، سەرۆككۆماری فەڕەنسا ڕێز و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر ڕاگەیاند و جەختیشی لە كاری هاوبەشی وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان كردەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە پێویستیی رزگاركردنی موسڵ كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە دەبێ بۆ قۆناغی دوای داعش پلانێك بۆ بەڕێوەبردنی موسڵ و دۆخی پێكهاتەكان دابنرێت و بە پێویستیشیان زانی كە ئاساییش و داهاتووی پێكهاتەكان لە پارێزگای نەینەوا گەرەنتی بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا خرایە بەر باس و سەرۆك هۆڵاند ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتی كوردستان دەبێت و هیوای ئارامی و سەركەوتنی بۆ گەلی كوردستان خواست.
پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دانوساندنەكانی نێوانیان تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو و سەرۆكی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا لەوەی كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو پێشەوە دەچێت و داوایشی كرد هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا لە شەڕی تیرۆریستان و ڕزگاركردنی موسڵ بەردەوام بێت.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهاتە سیاسییەكان و هەروەها بارودۆخی سووریا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك هۆڵاند بوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئاییندەی كوردستان و دانوساندنی نێوان هەولێر و بەغدا لەمبارەیەوە كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئامانجی گەلی كوردستان گەییشتنە بە سەربەخۆیی ئەویش لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن لەگەڵ بەغدا و بەشێوەیەكی ئاشتیخوازانە.
هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك هۆڵاند و گەلی فەڕەنسای كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و هاتنی سەرۆك هۆڵاندیشی بۆ كوردستان ئەوەیش لە كاتی شەڕ و هەڕەشەی تیرۆریستان بەرز نرخاند كە وەك یەكەم سەرۆك بۆ هاوسۆزی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان سەردانی شاری هەولێری كرد.






