سەرۆككۆماری توركیا و سهرۆك بارزانی پێوهندییهكانی نێوان ههولێر و ئانكارا و دۆخی ناوچهكهیان خسته بهر باسهوه

ههولێر-KDP.info- سەرۆككۆماری توركیا له كۆبوونهوهیدا لهگهل سهرۆكی ههرێمی كوردستاندا، باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بواری ئابووریی نێوان هەردوولا كردەوە.
ئهمڕۆ سێشەممە 23ـی 8ـی 2016، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی شاندێك لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆككۆماری توركیا، سەردانی وڵاتی توركیای كرد و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی ئانكارا لە لایەن (فهرهیدوون سنرلیئۆغلۆ) جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا پێشوازی لێ كرا.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (ڕەجەب تەییب ئەردۆگان) سەرۆككۆماری توركیا لە كۆشكی كۆماریی توركیا كۆ بووهوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری دەرەوە و وەزیری وزە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی توركیا ئامادەی بوون، سەرۆككۆماری توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی (سەرۆك بارزانی) نیشان دا و هەروەها سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستانی كرد كە لە كودەتاكەی توركیا هاوسۆزی حكوومەت و گەلی توركیا بوونە.
سەرۆككۆماری توركیا لە گوتەیەكدا وردەكارییەكانی كودەتا شكستخواردووەكەی مانگی ڕابردووی توركیای شیی كردەوە. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆككۆماری توركیا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بواری ئابووریی نێوان هەردوولا كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باسی شەڕی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا و هەڕەشە و گۆڕینی تاكتیكی تیرۆریستان و بەكارهێنانی منداڵ بۆ كاری تیرۆریستی كرا، هەنگاوەكانی ئازادكردنی شاری مووسڵیش تاوتوو كرا.
بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و دواگۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری توركیا بوو.
ههر ئێوارەی ئهمڕۆ سێشهممه، (سەرۆك بارزانی) لە كۆشكی چانكای لە لایەن (بیناڵی یڵدرم) سەرۆكوەزیرانی توركیا پێشوازی لێ كرا.
لە دیدارەكەدا كە وەزیری وزە و جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و ژمارەیەك ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیا ئامادەی بوون، (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی سەركەوتنی ئیرادەی گەلی توركیای كرد لە بەرانبەر كۆدەتاچیان و، وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆر و تەحەدیاتی بەردەم گەلانی ناوچەكە هاوكاری و كاری هاوبەشی هەردوولای بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی بە پێویست زانی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لە هەماهەنگی و پەیوەندیی هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی چۆنییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تاوتوو كرا.
پاش ئەم كۆبوونەوەیە، (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكەیان تاوتوو كرد. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەیشدا ئێوارەخوانێك لەسەر شەرەفی (سەرۆك بارزانی) لە لایەن سەرۆكوەزیرانی توركیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی سیاسی و حكوومیی توركیا ساز درا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم سەردانەدا (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون.







