٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی لەهێڵی پێشەوەی بەرەکانی شەڕدا سوپاسی قاڕەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد

سەرچاوە: KDP.info

خازر-KDP.info-  مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە میحوەری خازر و هەروەها سەرپەرشتیكردنی ئۆپڕاسیۆن و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرەدا سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد و سوپاسی قاڕەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد.

ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 8ـی 2016 مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە میحوەری خازر و هەروەها سەرپەرشتیكردنی ئۆپڕاسیۆن و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرەدا سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد.


لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی سەنگەر و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بەسەر كردەوە و هەواڵی بارودۆخ و گوزەرانی پێشمەرگەی لە میحوەری خازر پرسی و بۆ تاوتوێكردنی دوا پێشڕەویی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكان وردەكاریی پێشڕەوەیی هێزی پێشمەرگە و زیانەكانی دوژمنیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و ڕایانگەیاند كە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و دوژمن تووشی شكستێكی گەورە هاتووە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنەكەدا سەرجەم ئامانجە دیاریكراوەكانی خۆی لە میحوەری خازر بەدەست هێناوە.
لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە فەرماندە و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنەكە كرد و سوپاسی قاڕەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها ئامۆژگاریی و ڕێنوێنیی پێویستیشی بۆ فەرماندەكانی میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور خستەڕوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 8ـی 2014 پێشمەرگەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور بە مەبەستی ئازادكردنی گوندەكانی نێوان وەردەك گوێڕ لە ئۆپڕاسیۆنێكدا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش و یازدە گوند لەو ناوچەیە ئازاد كرا و ئۆپڕاسیۆنەكە بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرجەم ئامانجەكانی خۆی بەدەست هێنا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار