سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی عێراق کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی عێراق کرد و لەدیدارەکەدا جەخت لە هەماهەنگیی وردی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و هاوپەیمانان كرایەوە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی دوای داعش.
ڕۆژی سێشەممە 13ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی عێراق كورتەیەكی لەسەر دەستكەوت و سەركەوتنە سەربازییەكانی هێزە عێراقییەكان لە فەللووجە و پارێزگای ئەنبار و نەینەوا و شوێنەكانی تر بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو، هەروەها باسیشی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاراستەی سیاسیی لایەنەكان كرد بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لە هەماهەنگیی وردی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و هاوپەیمانان كرایەوە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی دوای داعش.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.




