٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: قۆناغی دوای ڕزگاركردنی مووسڵ، گرینگ و هەستیارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، قۆناغی پاش ئازادكردنی مووسڵ، قۆناغێكی گرینگ و هەستیارە و ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرینگە، چارەنووسی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوایە.

ڕۆژی چوارشەممە 3ـی 8ـی 2016 لە سەڵاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (جان كۆبیس) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرەتا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (ڕیكاردۆ ڕۆدڕیگزی)، بەرپرسی تازەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە هەرێی كوردستان بە (سەرۆك بارزانی) ناساند و دواتریش لە گوتەیەكدا (سەرۆك بارزانی)ـی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاساییش لە نیویۆرك و كۆنفڕانسی هاوپەیمانان لە واشینگتۆن ئاگادار كردەوە و، ئەوەیشی خستە ڕوو كە كەشوهەوای كۆبوونەوەكان ئیجابی بووە و ئومێدێكی زۆر بۆ تێكشكاندنی داعش لە ئارادایە و، ئاماژەیشی بە نیگەرانییەكانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و باری مرۆیی ئاوارەكان و، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە قسە لەسەر هەموو وردەكاریی و ڕەهەندە سەربازی و سیاسی و مرۆییەكانی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردن و پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان لایەنەكان بكرێت. لە بەشێكی تری وتەكەیدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق باسی لە پلانی مرۆیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و ئامادەیی ڕێكخراوەكەیشی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی لایەنەكان بۆ گەییشتن بە چارەسەری كێشەكان.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستە سەر ئازادكردنی مووسڵ و ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە قۆناغی دوای ڕزگاركردنی مووسڵ گرنگ و هەستیارە و ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە چارەنووسی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوایە و پێویست دەكات ئاییندەی موسڵ بە هەموو وردەكارییەكانیەوە لە ڕووی سیاسی و ئیداری و سەربازییەوە ڕوون بكرێتەوە. هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە پێویستە دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا بەشداری پڕۆسە سەربازی و سیاسی و ئیدارییەكان بن و ڕێزی بڕیاری خەڵكی ناوچەكە و پێكهاتەكان بگیرێت و حەز و بڕیاری ئەوان لەبارەی ئاییندەیان جێبەجێ بكرێت.

پێوەست بە یارمەتیدانی ئاوارەكان و هاتنی ئاوارەی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە دەرگای كوردستان بە ڕووی خەڵكی لێقەوماو كراوەیە و وێڕای ئاماژەدان بە خەمساردیی حكوومەتی عێراق لەمەڕ یارمەتیدانی ئاوارەكان، هێمایشی بەوە دا كە دەربڕینی هاوسۆزی و بەڵێن لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەنیا یارمەتیی ژیانی ئاوارەكان نادات و، پێویستە هەنگاوی عەمەلی بۆ یارمەتیدانیان بنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار