٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: له‌باره‌ی مووسڵه‌وه‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی نه‌كرێ، كێشه‌كانی قووڵتر ده‌بنه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-   له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی چین له‌ عێراق و كوردستاندا، (سەرۆك بارزانی) باسی ئەو باجە مرۆیی و قوربانیدانەی كرد كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا داویەتی و جەختی كردەوە، بە حوكمی تایبەتمەندیی دیمۆگرافیی پارێزگای نەینەوا، ئەگەر بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگا نەبەسترێت و ژیان و داهاتووی پێكهاتەكان گەرەنتی نەكرێت، دەبێ چاوەڕیی ڕوودانی كێشە و گرفتی قووڵتر ببین.

ئه‌مڕۆ شەممە 30ـی 7ـی 2016، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (چێن وێتچینگ) باڵیۆزی چین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (تان بانگلین) كۆنسووڵی وڵاتی چین لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا.

لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی وڵاتی چین ستاییشی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان كرد بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق؛ دەستخۆشیشی لە پێكەوەژیان و فرەیی و ئەو دەستكەوت و پێشڤەچوونانە كرد كە بە سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) هاتووەتە كایەوە.

وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی گەلی كوردستان لەشەڕی تیرۆریستاندا، باڵیۆزی چین ستاییشی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان.  ئەوەیشی خستەڕوو، كە پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی زۆری هەیە و ئامادەیی چینی نیشان دا بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندیی دۆستانە و یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم لە كەرتە جیاجیاكاندا.
(چێن وێتچینگ)، دەستخۆشیشی لە چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دەتوانێ لەبواری چاكسازی و مەشق و ڕاهێنانی كارگێڕیدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدات. لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە پێشڤەچوونە ئابوورییەكان و ئەولەوییەتە سیاسییەكانی چین كرد لە ئاستی نێودەوڵەتی و داوایشی كرد بیروبۆچوونی (سەرۆك بارزانی) لەبارەی ئاییندە و دواپێشهاتەكانی عێراق و شەڕی داعش بزانێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆزی وڵاتی چینی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بۆ پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا.
دواتر(سەرۆك بارزانی) باسی لە مێژووی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە كرد كە گەلی كوردستان بەدەست حكوومەتەكانی عێراقیدا بینیویەتی و ڕایگەیاند، كە لەپێناو عێراقدا گەلی كوردستان هەموو چەشنە قوربانییەكی داوە، بەڵام بەشی گەلی كوردستان جینۆساید و پێشێلكردنی مافەكانی بووە.

لەبارەی ئازادكردنی مووسڵ و شەڕی داعشه‌وه‌، (سەرۆك بارزانی) باسی ئەو باجە مرۆیی و قوربانیدانەی كرد كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا داویەتی و جەختی كردەوە، بە حوكمی تایبەتمەندیی دیمۆگرافیی پارێزگای نەینەوا، ئەگەر بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگا نەبەسترێت و ژیان و داهاتووی پێكهاتەكان گەرەنتی نەكرێت، دەبێ چاوەڕیی ڕوودانی كێشە و گرفتی قووڵتر ببین.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی چۆنیەتی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار