٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە مەسیحییەكانی كلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە مەسیحییەكانی كلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنی هەرێمی كوردستان كۆبۆوەو لە کۆبوونەکەدا باس لە ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و ڕیفراندۆم و پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كرا.

ڕۆژی شەممە 16ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین  مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە مەسیحییەكانی كلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و ڕیفراندۆم و پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كرا. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بەر لە ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دەشتی نەینەوا پێویستە ڕێككەوتنێكی سیاسی بە بەشداریی پێكهاتەكان لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت لەسەر ئاییندەی ئەو ناوچانە و قۆناغی دوای داعش بۆ ئەوەی خوشك و برا مەسیحییەكان و سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە لە ئاییندەی خۆیان دڵنیا بن و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە چارەنووسی خەڵكی ناوچەكە پێویستە لەدەستی خودی دانیشتوانی ناوچەكان بێت.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داوكاریی خوشك و برا مەسیحییەكانە بۆ ئەوەی مافەكانیان پارێزراو بێ و بتوانن بە ئاسوودەیی لە ناوچەكانی خۆیاندا بژیین.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پێویستی بەشداریی چالاكانەی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان كرا و پارتە مەسیحییەكانی كلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەنی كوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ بۆچوون و سیاسەتی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند لەمەڕ ئاییندەی ناوچەكانیان و هەرێمی كوردستان و هەروەها پیادەكردنی مافی چارەنووسی خەڵكی كوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار