سهرۆك بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كۆ بوونهوه

ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، (سەرۆك بارزانی) پێزانینی بۆ پشتیوانیی ئەمەریكا لە هێزی پێشمەرگە هەبوو و سوپاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد بۆ واژووكردنی یادداشتی لێكتێگەییشتنی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 7ـی 2016، لە شاری هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ (جۆزێف ڤۆتێل) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (كین گرووس) كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژەنەڕاڵ (مەكفالاند) فەرماندەی هێزەكانی هاپەیمانان لە عێراق و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجامەكانی سەردانی چەند ڕۆژ پێشی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ عێراق و یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەت بەرگریی ئەمەریكا تاوتوو كران، كە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا مۆر كرا. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا سوپاسی ڕەزامەندیی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ مۆركردنی یادداشتنامەكە و جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی زیاتری وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش؛ هەورەها پێزانینیشی بۆ بۆچوون و سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) هەبوو كە جەخت لە زامنكردنی ئاییندەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا و شوێنەكانی تر دەكاتەوە. هەروەها سوپاسی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ میحوەری مەخموور و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی كرد كە ئاماژەیەكی ڕوونە لە سەركردایەتییەكی سەركەوتووی شەڕی دژی تیرۆریستان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پێزانینی بۆ پشتیوانیی ئەمەریكا لە هێزی پێشمەرگە هەبوو و سوپاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد بۆ واژووكردنی یادداشتی لێكتێگەییشتنی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە مایەی دڵخۆشیی خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی داعش و تێكشكاندنیانە و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشە لەگەڵ هێزەكانی عێراقی و هێزە هاوپەیمانەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە هاوكات لەگەڵ پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی مووسڵ، پلانی سیاسییش هەبێت بۆ قۆناغی دوای داعش و زامنكردنی ئاییندەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، ههروهها ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان و گرفتی كۆمەڵایەتی و سیاسیی لەنێوان لایەنەكان. هەروەها جەختیش لە گوشاری بەردەوامی سەربازی لە هەموو بەرەكان لە دژی تیرۆریستانی داعش كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دواپەرەسەندنە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستان لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.




