سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووهوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووهوە و رایگەیاند، گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كە دەرفەتی مەزن و تەحەددیاتی گەورەی تێدایە. ئاماژەیشی بە قۆناغەكانی مێژووی دەوڵەتی عێراق دا و ڕایگەیاند، بۆ تێپەڕاندنی تەحەدییاتەكان و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان، هەموو لایەك پێویستی بە یەكتری هەیە.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و سكرتێری پارتە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووهوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی و دواگۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو، كە گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كە دەرفەتی مەزن و تەحەددیاتی گەورەی تێدایە. هاوكات ئاماژەی بە قۆناغەكانی مێژووی دەوڵەتی عێراق دا و ڕایگەیاند، كە بۆ تێپەڕاندنی تەحەدییاتەكان و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان هەموو لایەك پێویستی بە یەكتری هەیە.
لەبارەی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە كە، لە كوردستاندا جیاكاریی نەژادی و ئایینی جێگەی نابێتەوە و هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و یەكسانین و دەبێ یەكتر قبووڵ بكەین.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە شەڕی داعش و تەحەدییاتی قۆناغی دوای شەڕی داعش كرد و دووپاتی كردەوە، كە پێویستە ئاییندە و ژیان و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان گەرەنتی بكرێت و ڕێگە نەدرێت چیتر كارەساتەكان دووبارە ببنەوە.
(سەرۆك بارزانی) هەروەها پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ماف و داواكارییەكانی توركمان و پێكهاتەكانی تر دووپات كردەوە و ڕایگەیاند، كە وەك قۆناغەكانی پێشوو لە ئێستا و ئاییندەیشدا پشتیوانی ماف و داواكاریی توركمان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانم.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك و سكرتێری پارتە توركمانییە جەختیان لەوە كردەوە كە هەموویان بە گیانێكی كوردستانیانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە كان دەكەن و وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ پاراستنی پێكهاتەكان و چەسپاندنی مافە دەستوورییەكانیان لە دەستووری عێراقی، پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ سیاسەت و ستراتیژی و هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئاییندەی عێراق و كوردستان دەربڕی.




