پڕۆتۆکۆڵی سەربازیی هەولێر و واشنتن؛ هێمای هاوبەشی بەردەوامیی ئەمەریکا و هێزی پێشمەرگە و دۆستایەتییەکی پتەو، دەدات

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، یادداشتی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئیمزا کرا و جەخت لە هاوبەشی و پتەوکردنی دۆستایەتییەکی پتەو لە نێوان هەولێر و واشنتندا کرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە 12ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئێلیزا سلۆتکین یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بەناوی گەلی كوردستان سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە ڕووخاندنی دیكتاتۆرییەت و هەروەها لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمەریكای كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
سەرۆک بارزانی، ئاستی هەماهەنگی نێوان سوپای ئەمەریکا و پێشمەرگەی بە نموونەیی وەسف کرد بەجۆرێک کە بە درێژایی شەڕ دژی تیرۆریستان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکراوەتە ئامانج کە ئەوەش دیقەتی هەماهەنگی و متمانەی نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگە دەردەخات.
لە بەرانبەردا یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ستایشی هێزی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەچاوی ڕێزەوە سەیری پێشمەرگە دەکات و وەک هێزێکی شەڕکەری کاریگەر دەیناسێت کە ڕۆڵی زۆر گرینگی بینیوە، هەر بۆیە ئەو یادداشتی لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزای دەکەن ئاماژەیەکی ڕوونی ئەو گرینگیپێدانەیە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە و هێمای هاوبەشییەکی بەردەوامی ئەمەریکا و هێزی پێشمەرگە و دۆستایەتییەکی پتەوە.
هەر لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی چۆنییەتی هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە هەماهەنگی هەبێت و زۆر بەوردی چارەسەر بۆ کێشە و گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغی دوای داعش بدۆزرێتەوە، ئەوەش لەپێناو ڕێگە گرتن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان و بۆ دڵنیایی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی پارێزگای نەینەوا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراقی بەرز نرخێندرا و یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهەنگاوێکی گرینگی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لەقەڵەم درا.
دواتر لە مەراسیمێکدا، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، یادداشتی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەلایەن کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و لە ئێلیزا سلۆتکین جێگری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیمزا کرا.
بەپێی ئەو یادداشتە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هاوکاریی دارایی پێشکەشی پێشمەرگە دەکات و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بە هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان بەڕێوە دەچێت و ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بۆ قۆناخی دوای داعش لە نەینەوا بەردەوام دەبێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و سەربازییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی ئەم دیدارە بوون.




