٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

وەزیری بەرگری کەنەدا: بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی پێشکەوتنی زۆر باش لە شەڕی تیرۆریستاندا هاتووەتە دی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگریی كەنەدا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و كاری هاوبەشەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی وڵاتەكەی ئەنجامیان داوە و ڕاشیگەیاند بەهۆی قوربانیدانی پێشمەرگە و هەوڵی هاوپەیمانان و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی پێشكەوتنی زۆر باش لە شەڕی تیرۆریستاندا هاتووەتە دی.

ڕۆژی سێشەممە 12ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هارجیت سینگ ساجان وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، وەزیری بەرگریی كەنەدا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و كاری هاوبەشەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی وڵاتەكەی ئەنجامیان داوە و ڕاشیگەیاند بەهۆی قوربانیدانی پێشمەرگە و هەوڵی هاوپەیمانان و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی پێشكەوتنی زۆر باش لە شەڕی تیرۆریستاندا هاتووەتە. وەزیری بەرگریی كەنەدا ستاییشی فەرهەنگ و كۆمەڵگەی كوردستانی كرد كە پەناگەیە بۆ ئایین و بیروڕای جیاواز و ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆریستان هەرگیز لە كۆمەڵگەیەكی كراوەی وەك كوردستان ناتوانن شوێنپێیان هەبێ.

وەزیری بەرگریی كەنەدا خوڕاگری و فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانی بە چیڕۆكی سەركەوتنێك زانی كە پێویستە جیهان لێی تێبگات و بیناسیێ. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و هاوكاریكردنی سەربازیی پێشمەرگە و بەنیازیشە لە ئاییندەدا لەبواری كاروباری دیپلۆماسی و سیاسی و گەشەپێداندا پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق فراوانتر بكات بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پێشكەوتن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانی گەل و حكوومەتی كەنەدای بۆ گەلی كوردستان كرد و باسی لە فەرهەنگی دێرینی گەلی كوردستان كرد كە پارێزەری ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە و هەرگیز جیاوازیی ئایین لە كوردستاندا حەساسییەتی لەناو خەڵكدا دروست نەكردووە و هەر ئەوەیشە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەناو كوردستاندا جێگەی خۆی بكاتەوە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی تیرۆریستانی داعش و ڕایگەیاند ئەولەویەتی هەرێمی كوردستان شەڕی تیرۆریستانی داعش و هەماهەنگی دەبێت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی و هاوپەیمانان و جەختی لەوە كردەوە كە بەهۆی ئاڵۆزیی گرفتەكان و ئەو زەبرەی داعش لە پێكهاتەكانی داوە پێویستە بۆ قۆناغی دوای داعش  چارەسەری سیاسی و كۆمەڵایەتی گونجاو هەبێت بۆ ئەوەی ژیان و ئاسوودەیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا گەرەنتی بكرێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار