سەرۆک بارزانی لە میحوەری مەخموور سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری مەخموور بەسەر کردەوە و سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد و، بە گەرمی پیرۆزبایی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند، کە بۆ نیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەبۆنەی جەژنەوە هیچ مەراسیمێک ڕێک نەخراوە و بە پێوستی زانیوە لەجیاتی هەموو پێشمەرگە و ماڵە شەهیدان، سەردانی ئەم میحوەرەی هێزی پێشمەرگە بکات و لێرەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی7ـی2016 مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی میحوەری شەش لە مەخمووری کرد و سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی هاوبەشی فەرماندەکانی هیزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەکانی سوپای عێراقی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و فەرماندەی یەکەی 70 و بەرپرسانی یەکەی 80 و فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزی هاوپەیمانان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە سوپای عێراق و فەرماندەکانی حەشدی نیشتیمانی ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند، کە بۆ نیشاندانی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، بەبۆنەی جەژنەوە هیچ مەراسیمێک ڕێک نەخراوە و بە پێوستی زانیوە لەجیاتی هەموو پێشمەرگە و ماڵە شەهیدان، سەردانی ئەم میحوەرەی هێزی پێشمەرگە بکات و لێرەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان بکات.
سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند، کە هاتنی بۆ ئەو میحوەرە لەبەر ئەوە بوو کە لێرە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان پێکەوەن تا پەیامێک بدەنە هەموو جیهان کە ئێمە پێکەوە بەرانبەر دوژمنێکی هاوبەش وەستاوین کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتییە و پشت بەخوا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنین و تیرۆریستان تێکدەشکێنین. هەروەها ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشی زۆری میحوەرەکان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی یەکەکانی 70 و 80 بەڵگەی تەبایی و یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و، یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدا بنەمای یەکڕیزیی گەلەکەمانە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی برایانەدا بەڕێوەچوو، باسی ئامادەکارییەکانی ئازادکردنی مووسڵ کرا و جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنەکان کرایەوە.




