سهرۆك بارزانی بۆ خهڵكی كوردستان: لهجیاتی لهسهر من هاتنهوهڵام، پارێزەری فەرهەنگ و بەها بەرزەكانی گەلەكەمان بن.. ئەوانەی یەكڕێزیی گەل تێك دەدەن بە سزای یاساییی خۆیان دەگەن

دهقی پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتیی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
لەبارەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندن و تەشهیرەی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و كەسانی نزیك لەوان لەسەر شەخسی من بەڕێوە دەچێت، داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم كە كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانیان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ. داواتان لێ دەكەم پاڵپشت و بەرگریكاری سەربەخۆیی و پێشمەرگە قارەمانەكانمان بن. بەرگریكاری حەق و دادپەروەری بن و لە بەرانبەر گەندەڵی و كولتووری جنێودان بوەستنەوە و پارێزەری فەرهەنگ و بەها بەرزەكانی گەلەكەمان بن. لەم بارودۆخەدا پێویستە ئەولەویەتی سەرەكیی هەموو لایەكمان سەربەخۆیی و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆیستانی داعش و باشتركردنی ژیانی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بێت.
بە دڵنیاییەوە ئەوانەی یەكڕێزیی گەل تێك دەدەن و هەوڵی تێكدانی ئەمن و ئاساییشی كوردستان دەدەن و موسیبەت بەسەر ئەم گەله دێنن، بە سزای یاساییی خۆیان دەگەن.
مهسعوود بارزانی
17ـی 6ـی 2016




