"پێویستە بە وردی قۆناغی دوای داعش دیراسە بكرێت"

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا كرد و لە دیدارکەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و ڕۆشناییش خرایە سەر جێبەجێكردنی بڕیاری ئەمەریكا بۆ یارمەتیدانی دارایی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ڕۆژی شەممە 11ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ مەكفارلەند فەرماندەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە شاری فەللوجە و پارێزگاكانی دیكەی عێراق تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە پلانەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە شوێنە جیاجیاكانی عێراق و سووریا ئاگادار كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا لە دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا و هەردولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە بە وردی قۆناغی دوای داعش دیراسە بكرێت و جەختیش لە بەشداریی پێكهاتەكان لە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان بەرز نرخێندرا و ڕۆشناییش خرایە سەر جێبەجێكردنی بڕیاری ئەمەریكا بۆ یارمەتیدانی دارایی هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.




