٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پاتریاکی ئەنتاکییە و سریانەکانی جیهان، هیوای خێر و خۆشی و ئاشتی بۆ گەلی كوردستان خواست

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵات و هەموو جیهان رایگەیاند، "كە خوازیاری ئاییندەیەكی گەش و گەرەنتیبوونی ماف و ئاسوودەیی مەسیحییەكانن و بە هیچ شێوەیەكیش هانی كۆچ و جێهێشتنی وڵات نادەن. داوایشی لە سەرۆك بارزانی كرد ناوچەی مەسیحییەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد بكرێت و هیوای خێر و خۆشی و ئاشتی بۆ گەلی كوردستان خواست."

ڕۆژی سێشەممە 7ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مار ئێگناتیۆس ئەفرامی دووەم كەریم پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵات و هەموو جیهان سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی مەسیحییەكان و پێزانینی بۆ لێدوانی سەرۆك بارزانی هەبوو لەوەی كە نابێ مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێبهێڵن. هەروەها لە گوتەیەكدا جەختی لە ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە ناوچە و كوردستان كردەوە و ڕاشیگەیاند كە خوازیاری ئاییندەیەكی گەش و گەرەنتیبوونی ماف و ئاسوودەیی مەسیحییەكانن و بە هیچ شێوەیەكیش هانی كۆچ و جێهێشتنی وڵات نادەن. داوایشی لە سەرۆك بارزانی كرد ناوچەی مەسیحییەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد بكرێت و هیوای خێر و خۆشی و ئاشتی بۆ گەلی كوردستان خواست.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە وتەیەكدا باسی سەرەتاكانی دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و كۆی مرۆڤایەتی كرد و ڕایگەیاند تیرۆریستان تەنیا دژی یەك پێكهاتە نین بەڵكو دژی هەموو ئایین و بەهایەكی مرۆڤین. ئەوەیشی خستەڕوو كە كورد و مەسیحی و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان چارەنووسێكی هاوبەشیان و دەبێ پێكەوە بمێننەوە و كەس بیر لە جێهێشتنی زێدی بابوباپیرانی نەكاتەوە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لە ئازادكردنی هەموو ناوچەكان و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی مووسڵ كردەوە و ئاماژەیشی بەوەدا كە پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ماف و ئەركی هەموو لایەك دیاری بكرێت و بۆ قۆناغی دوای داعش ڕێككەوتن لەسەر ڕێوشوێنێكی وا بكرێت كە ژیان و ئاییندەی هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا گەرەنتی بكرێت.
هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە یارمەتیی ئاوارە و مەسیحییەكانیان داوە و كاریان بۆ قووڵتركردنی پێكەوەژیان كردووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار