سەرۆك بارزانی: كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان مستەفا زەڵمی خەمباری کردم

ههولێر-KDP.info- له پهیامیدا به بۆنهی كۆچی دواییی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی، (سهرۆك بارزانی) رایگهیاند، هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.
دهقی پهیامی سهرۆك بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بنەماڵەی بەڕێزی پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی
هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم.
دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەک زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بەتوانا، کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو و بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە 70 کتێبی چاپکراو و چاپ نەکراو کە هەندێکیان لە زانکۆکاندا بوونەتە مەنهەج و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێگەی متمانە بوون.
پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لەسەر ئاستی کوردستانیش، ڕاوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە ڕەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتی بیری توندڕۆیی هەبوو و بەوەیش خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد و لەدەستدانی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە.
لەم بۆنە خەمناکەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و خزمان و ئاشنایانتان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی پاکی دکتۆر مستەفا بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
4ـی 6ـی 2016




