سەرۆكی هەرێمی كوردستان: گەلی كورد لە سووریا بە تەنیا نییە و وەك هەمیشە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی مافی ڕەواتانین

ههولێر-KDP.info- له دیداریدا لهگهڵ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا، (سەرۆك بارزانی) وێڕای ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كورد لە سووریا و ڕاشیگەیاند، گەلی كورد لە سووریا بە تەنیا نییە و وەك هەمیشە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی مافی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا و خەباتی نەتەوەیی و دیموكراتیان دەبێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 2ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (سعوود مەلا) سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كرد.
لە دیدارەكەدا (سعوود مەلا) سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا سوپاسی خەمخۆری و پەرۆشیی (سەرۆك بارزانی) بۆ دۆزی كورد لە سووریا و یارمەتیدان و هاوكارییەكانی و هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گەلی كورد لە سووریا و ڕایگەیاند، كە حزبەكەیان پشتئەستوور بە جەماوەری خۆیان و پشتیوانیی (سەرۆك بارزانی) بە نەفەس و هێزێكی زیاترەوە بەردەوام دەبن بۆ گەییشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانیان و، لە قوتابخانەی (بارزانیی نەمر) فێری قوربانیدان و بەرخودان و مێرخاسی بوونە و جەماوەری كورد لە سووریا بە ئومێدەوە تەحەمولی سەختی و تەحەدییاتەكان دەكەن.
هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان بارودۆخی مەیدانی و سیاسیی سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردییەكان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ (سەرۆك بارزانی) شیی كردەوە و داوایان كرد كە سەرۆك بارزانی ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستیان بۆ بخاتەڕوو.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردی كرد لە سووریا و ڕاشیگەیاند، كە گەلی كورد لە سووریا بە تەنیا نییە و وەك هەمیشە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی مافی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا و خەباتی نەتەوەیی و دیموكراتیان دەبێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا یارمەتیی شۆڕشی گوڵانی داوە و ئەوە بابەتێكە هیچ كات لە یاد ناكرێت.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی سووریا و دۆزی ڕەوای كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان خستەڕوو.




