٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: پێویستە لەڕووی فکری ئابووری و سیاسیشەوە داعش و هزری توندڕۆیی تێکبشكێندرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جددیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بۆ تێکشکاندنی تەواوی داعش تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەس نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و هزری توندڕۆیی تێکبشكێندرێت.

ڕۆژی یەکشەممە 15ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئایەتوڵڵا دکتۆر سەید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕەهبەری و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک یاریدەدەر و ڕاوێژکارانی وەزارەت پێکهاتبوو كرد.

لە دیدارەكەدا کە مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بەو دیدارە ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە. دواتر بۆچوونی وڵاتەکەی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە خستەڕوو و جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. دواتر داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە پێشبینی و بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە بخاتەڕوو.

سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، کورتەیەکی لەسەر ڕەوشی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان و بارودۆخی سیاسیی عێراق بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جددیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بۆ تێکشکاندنی تەواوی داعش تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەس نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و هزری توندڕۆیی تێکبشكێندرێت.

هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كرا و لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەکە،بیروڕا ئاڵۆگۆڕ كرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار