سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ، دەستخۆشی لە دڵفراوانی گەلی کوردستان کرد

هەولێر-KDP.info- لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لەبەرانبەر قەیرانی مرۆیی و دارایی و هەڕەشە ئەمنییەكان دەستخۆشیشی لە دڵفراوانی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان كرد بۆ سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.
ڕۆژی چوارشەممە 4ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (سەلیل شەتی) سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ كورتەیەكی لەبارەی ئەرك و كار و سروشتی چالاكییەكانی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و وێڕای ئەوەی پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لەبەرانبەر قەیرانی مرۆیی و دارایی و هەڕەشە ئەمنییەكان دەستخۆشیشی لە دڵفراوانی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان كرد بۆ سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ باسی لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكەی كرد لەبارەی باری مافەكانی مرۆڤ لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نیگەرانییەكانی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ڕێكخراوی ئەمنستی ئینترنەشناڵ كرد و پێزانینی هەبوو بۆ كار و چالاكییە مرۆڤدۆستەكانی و ڕایگەیاند كە ڕاپۆرت و تێبینییەكانیان لە لایەن هەرێمی كوردستان بە هەند وەردەگیرێن و دەزگە پەیوەندیدارەكان بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بۆ شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوو و هەروەها تاوان و دڵڕەقییەكانی تیرۆریستانی داعش دەرهەق پێكهاتەكان و گەلی كوردستان، سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستانی لەبارەی شەڕی تیرۆریستان و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ خستەڕوو و ڕایگەیاند كە گەلەكەمان ئازاری دیوە لە دەست دیكتاتۆر و تیرۆریستان بۆیەشە زۆر باش لە بەهاكان و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دەگات و ڕێزی دەگرێت. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە هەر لەسەرەتای شەڕی تیرۆریستان ڕێنوێنیی تایبەت پەیوەست بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و كاركردن بە یاسا دەولییەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە.
لەبارەی تیرۆریستانی داعشیش سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوونكردەوە كە هەر كەسێك هاوكاری داعشی كردبێت و دەستی لە تاوانەكان لەدژی ئێزیدی و مەسیحی و پێكهاتەكاندا هەبووبێت حسابی داعشی بۆ دەكرێت و چارەنووسی داعشی دەبێت و ناشكرێ چاوپۆشی لەوانە بكرێت كە تاوانی گەورەیان دەرهەق ئیزیدی و مەسیحی و پێكهاتەكان ئەنجام داوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەو خەڵكانەی هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ داعشدا نییە ماف و كەرامەتیان پارێزراوە و وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ و ڕێكخراوە مرۆڤپارێزە جیهانییەكانی دیكە.




