٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سیناتۆر و پەرلەمانتارانی فەڕەنسا و ئەورووپا، پاڵپشتییان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هاوبەشی سیناتۆر و پەرلەمانتارانی فەڕەنسا و پەرلەمانی ئەورووپا رایانگەیاند کە، بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیان بۆ گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی سەرۆك بارزانی هاتوونەتە كوردستان.

ڕۆژی دووشەممە 18ـی 4ـی 2016 لە سەلاحدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێناتۆر و پەرلەمانتارەكانی فەڕەنسا و پارلەمانی ئەوروپا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایانگەیاند كە بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیان بۆ گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی (سەرۆك بارزانی) هاتوونەتە كوردستان و هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق بن و دەستخۆشیشیان لە گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم كرد بۆ كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە هەرێمی كوردستان و قوربانیدانیان لەشەڕی تیرۆریستان و هەروەها پەنادانی سەدانهەزار ئاوە و لێقەوماوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و كوردستان.

دواتر ئامادەبووان پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان لە بارەی بارودۆخی سیاسی و شەڕی داعش و ئاییندەی ناوچەكە و سووریا و توركیا ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و داوایان كرد سەرۆك بارزانی ڕوونكردنەوەی پێویست لەبارەی بابەتەكان بدات بۆ ئەوەی بتوانن باشتر لە دۆخەكە بگەن و یارمەتی و پشتیوانیی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەورووپا بەدەست بهێنن.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسا و وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە بوون و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە بۆ هەموو لایەك، بارودۆخی مەیدانیی شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و باسیشی لەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە.

وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی دارایی و هۆكارەكانی ئەوەی خستەڕوو كە تێچوونەكانی شەڕ و دابەزینی نرخی نەوت و حەواندنەوەی ئاوارەكان وای كردووە كە كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدا بێت و ئەوەیش لە حاڵێكدایە كە حكوومەتی عێراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك پێویست لە مەسەلەی ئاوارەكان یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان نەداوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە لەناو گەلی كوردستاندا هیچ جۆرە حەساسییەتێكی ئایینی و تاییفی و نەتەوەیی نییە و هەموویان بە بێ جیاوازی و بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا دەژیین. سەرۆك بارزانی باسیشی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراقدا كرد و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت تووشی خەڵكی كوردستان هاتوونە بۆ شاندی میوان باس كرد.

لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنی مووسڵ لە قۆناغی دوای ئازادكردن لەنێوان لایەن و پێكهاتەكاندا هەبێت ئەویش لەپێناو دانی گەرەنتی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزیدییەكان كە ژیانێكی ئاسوودەیان هەبێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سووریا و هەروەها گرژی و ئاڵۆزییەكانی توركیا و پڕۆسەی ئاشتی لەم وڵاتە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار