كهسایهتی و سهرۆكهۆزهكانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد، شانازی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی دەکەن

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) سهرۆكهۆزهكانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد رایانگەیاند کە، شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی (سەرۆک بارزانی) دەکەن متمانەی تەواویشیان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری پێویست بێت.
پێشنیوهڕۆی ئهمڕۆ یهكشهمه ١٧ـی٤ـی٢٠١٦ لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانى)، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگهڵ كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد كۆبۆوه.
له كۆبوونهوهكهدا کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە، هەروەها سوپاسی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانی کەرکووکیان کرد کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری خستۆتە سەر دەست و ڕێگەیان نەداوە مەرامی دوژمنان بۆ تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.
كهسایهتی و سهرۆك هۆزهكانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە ڕێگەیان پێ بدرێت ئەوان بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان لە ژێر دەستی داعش ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و دەیانەوێ شانبەشانی پێشمەرگە لە بەشداریی شەڕی ئازادکردنی ناوچەکانی دەوری کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
شاندی میوان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەوان شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی دەکەن متمانەی تەواویشیان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری پێویست بێت.
شاندی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کرد کە سەرەڕای دۆخی شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و خەڵکی دەربەدەری ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تیرۆریستان، کردۆتەوە و کوردستان بۆتە ماڵێکی ئارامی لێقەوماوان.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی له وتهیهكدا وێڕای بەخێرهێنانی سهرۆك هۆزهكانى ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد، تیشكی خسته سهر ڕەوشی دەڤەرەکە و باسی رهفتاره چهپهڵهكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی بهرامبهر خهڵكی ئهو دهڤهرهکرد و داوای له ئامادهبووان كرد كه ههماههنگی ههبێت بۆ برایهتى و پێكهوەژیان و جهختی له پێوهندیی مێژوویی نێوان كورد و عهرهب كردهوه و ڕایگهیاند: هەروەک پێشتریش تەئکیدم کردۆتەوە، چارەنووسی کەرکووک لە دەستی خەڵکی کەرکووکە و لە داهاتووشدا خۆیان بە ئازادیی بڕیار دەدەن و دەبێ هەموو لایەکیش ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک بگرن.
ههر لهو كۆبوونهوهیهدا، سهرۆكی ههرێمی كوردستان ئەوەی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان هەرگیز ڕێگە نەدراوە شەڕ و بەرخودان لە بەرانبەر حکوومەت بکرێتە شەڕی کورد و عەرەب، تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە ئەو مەرامەی خۆیان و هەندێ کەسی تر کە پێیان وابوو بەو ڕێگەیە دەگەنە ئامانجەکانیان و شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب، هەروەها خۆیان وەک فریادڕەسی عەرەبی سوننە پێشان دا، کەچی دەرکەوت کە داعش جگە له كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد و سووکایەتییان بە زۆر بەهای عەرەبییش کرد. بەداخەوە لە سەرەتادا بەشێک لە عەشایەر ناپاکییان لە بەهاکانی عەرەبی کرد، ئێستا دەبێ ئێوە بە کردەوە دڵنیایی بدەن کە ئەو شتانەی ڕوویان داوە لە ڕەوشتی عەرەبدا نییە. جەختیشی کردەوە کە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت، چارەنووسی وەک داعش دەبێت.
سەبارەت بە بەشدارییکردنی خەڵکی ناوچەکانی دەوری کەرکووکیش لە شەڕی ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیند کە ئەوە باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکرێت. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بگیرێتەبەر تا تیرۆریستان نەگەنە ئامانجی خۆیان کە تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەیە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەشێکە لە بەهای بەرزی خەڵکی کوردستان و سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە، تا ئەوکاتە ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت و دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەرچی لە توانادا بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان درێخی ناکرێت.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە تیرۆریستانی هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە و کەرکووکیش دەکەینە شاری برایەتی و پێکەوەژیان.




