٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ سەرۆک بارزانی: سەرکەوتنی گەورە بەدیهاتووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو دۆستایەتی و شەراكەت و كاری هاوبەشی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان هەیانە كە بووەتە هۆی بەدیهاتنی سەركەوتنی گەورە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ڕایگەیاند كە سەرفیرازن بەو هاوبەشی و پەیوەندییە كە لەسەر ئامانجێكی هاوبەش بنیاتنراوە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 4ـی 2016 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جۆزێف ڤۆتێل) فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو دۆستایەتی و شەراكەت و كاری هاوبەشی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان هەیانە كە بووەتە هۆی بەدیهاتنی سەركەوتنی گەورە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ڕایگەیاند كە سەرفیرازن بەو هاوبەشی و پەیوەندییە كە لەسەر ئامانجێكی هاوبەش بنیاتنراوە. هەروەها سەرۆك بارزانیی لە دوایین سەركەوتن و گۆڕانكاری و پێشهاتە مەیدانییەكانی بەرەكانی شەڕ لە سووریا و عێراق و پلانەكان بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی شەڕ لە گشت بەرەكان و ئازادكردنی مووسڵ ئاگادار كردەوە. ئومێدی ئەوەیشی خواست كە هەماهەنگی و هاوبەشیی هەردوولا بەرەوپێشەوە بچێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوونە و دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوونی جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا كرد لە شەڕی دژی داعش و هیوای سەركەوتنیشی بۆ جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ستراتیژیی سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و، پەیوەست بە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ پێویستە ڕێككەوتنێكی سیاسی لەسەر قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ و چۆنییەتی ئیدارەكردنی هەبێت.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتە تازەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی كرا و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و ڕاوێژی بەردەوام لەنێوان هەردوولا كردەوە ئەویش بۆ بەدیهاتنی چارەكردنی كێشە سیاسییەكانی عێراق و بە پێویستیش زانرا لەپێناو سەركەوتن لە شەڕی دژی تیرۆریستان و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و گرفتەكانی تر گفتوگۆ و هەماهەنگیی سیاسیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بەردەوام بێت.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەریق جەمال سوپاسالاری پێشمەرگە ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار