٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: دە ساڵ چاوەڕێكردنی ئاشتی زۆر باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیادا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی كوردستانی توركیا ئەوەی دووپات كردەوە كە دە ساڵ چاوەڕێكردنی ئاشتی زۆر باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ و هیوایشی خواست كە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە و كۆتایی بە گرژی و كێشەكان بهێندرێت.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 11ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مەهدی ئەكەر جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (حوسێن ئاكسوی) پارێزگاری دیاربەكر و ژمارەیەك پارلەمانتاری كورد لە پارلەمانی توركیا.
 
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سڵاوی سەرۆكوەزیرانی توركیای گەیاندە (سەرۆك بارزانی) و، باسیشی لە كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیاربەكر كرد و بە هەنگاوێكی گرینگی لە قەڵەمدا بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی ئابووری و بوارەكانی تر لە نێوان هەردوولا.
 
لە بەشێكی دیكەی دیدارەدا شاندی میوان باسی بارودۆخی شاری دیاربەكریان كرد و نیگەرانیی خۆیان لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە نیشان دا و جەختیان لە پێویستیی ئارامی و سەقامگیری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ ژیانی سرووشتی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان كردەوە.
 
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوانی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی توركیای كرد و هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و دیاربەكر. 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هاوكات باسی لە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دۆزی ڕەوای كورد كرد و، ئاماژەیشی بەو بەهایانەدا كە گەلی كوردستان لە خەباتی چەكداری و قۆناغەكانی تر و لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵكی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەكان پابەندی بووە.
 (سەرۆك بارزانی) وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی كوردستانی توركیا، ئەوەی دووپات كردەوە كە دە ساڵ چاوەڕێكردنی ئاشتی زۆر باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ و، هیوایشی خواست كە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە و كۆتایی بە گرژی و كێشەكان بهێندرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار