"پڕۆسەی سیاسی بە بێ پابەندبوونی لایەنەكان بە پڕەنسیپی شەراكەت ناچێتە پێش"

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی لە کۆبوونەوەیەکدا، هاوڕا بوون كە پڕۆسەی سیاسی بە بێ پابەندبوونی لایەنەكان بە پڕەنسیپی شەراكەت ناچێتە پێش و قەیرانەكانیش چارە ناكرێن.
ڕۆژی شەممە 9ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (د. ئەیاد عەلاوی) سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی و شاندی یاوەری، سەرۆك بارزانیان لە بیروڕای خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و قەیرانی سیاسی و چۆنییەتی چارەكردنی قەیرانەكە ئاگادار كردەوە و هەروەها سەرۆك بارزانیش سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەمبارەیەوە بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پڕۆسەی سیاسی بە بێ پابەندبوونی لایەنەكان بە پڕەنسیپی شەراكەت ناچێتە پێش و قەیرانەكانیش چارە ناكرێن.




