سەرۆك بارزانی و برێت مەکگورگ باسیان لە ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش كرد و لە دیدارەکەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ كرا.
ڕۆژی یەكشەممە 3ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برێت مەكگورگ) نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش كرد.
لە دیدارەكەدا كە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی قەیرانی سیاسیی بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و بڕیار درا هەر دوولا بەردەوام بن لە ڕاوێژكردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەردوولا و هەروەها باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردن مووسڵ كرا.




