سەرۆک بارزانی لەگەڵ كادیر و ڕێكخستنەكانی پارتی لە دەڤەری بادینان و پارێزگای نەینەوا و شنگال كۆبۆوە

دهۆک-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ كادیر و ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان و پارێزگای نەینەوا و شنگال كۆبۆوە و، وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و سوپاسی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد لە شكاندنی تیرۆریستان و تێپەڕاندنی قەیران و بارودۆخە سەختەكان.
ڕۆژی شەممە 2ـی 4ـی 2016 لە شاری دهۆك سەرۆك (مەسعوود بارزانی) بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بەرپرسانی لق و دەستەی كارگێڕیی و بەرپرسی ناوچە و ڕێكخراوەكانی سنووری لقەكانی یەك و هەشت و نۆ و چواردە و حەڤدە و هەژدە و بیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گولان و بەرپرسانی ئیداریی كرد.
لەم كۆبووەیەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و سوپاسی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد لە شكاندنی تیرۆریستان و تێپەڕاندنی قەیران و بارودۆخە سەختەكان. هەروەها تیشكی خستە سەر مێژووی عێراق و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و هەروەها ئامادەبووانی كۆبووەنەوەكەی لە هەڵوێستی سیاسیی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمەڕ دوایین پێشهاتە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هەورەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاگادار كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی سیاسیی هەرێم و هۆكارەكانی قەیرانی دارایی كرد و ڕۆشناییشی خستەسەر هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دەرگەی پرسیار و ڕاگۆڕینەوە كرایەوە كەوادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان و پارێزگای نەینەوا و سنووری شنگال كۆمەڵێك پرسیار و پێشنیاریان لەبارەی دۆخی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و سنووری چالاكییەكانیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی خستەڕوو.




