٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: به‌ هیواین سه‌ری ساڵی تازه‌ی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ كۆتایهاتن بە ئازار و نەهامەتییكان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  بە بۆنەی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆوه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ هیوایه‌ سه‌ری ساڵی تازه‌ی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ كۆتایهاتن بەو ئازار و نەهامەتیانەی لە ئەنجامی پەلاماری زاڵمانەی تیرۆریستان بۆ سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و خەڵكی كوردستان و عێراق هاتووەتە ئاراوە.

ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی خوشك و برا ئاشوور كلدان سریانه‌كانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ئەم بۆنەیە و سەری ساڵی تازەی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ كۆتایهاتن بەو ئازار و نەهامەتیانەی لە ئەنجامی پەلاماری زاڵمانەی تیرۆریستان بۆ سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و خەڵكی كوردستان و عێراق هاتووەتە ئاراوە.

ئەگەرچی بەهۆی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لە عێراقدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق ناچار بوونە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ئەم بارودۆخە خەراپە بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی كوردستان ناكات و، كوردستان پەناگەی ئارامی و پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان دەمێنێتەوە و، هەموومان لە دژی تیرۆر و توندڕۆیی لە یەك سەنگەرداین و یەك چارەنووسی هاوبەشمان هەیە.

هیوادارم هەرچی زووترە ئاشتی و ئارامی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بۆ عێراق و ناوچەكە و جیهان بگرێتەوە و، ئێوەی ئازیزیش هه‌موو ساڵێك له‌ژێر سایه‌ی ئارامی و ئاسووده‌ییدا جه‌ژن و شادییه‌كانتان به‌ خۆشی بگێڕن.

مسعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

31ـی 3ـی 2016
 

هەواڵی پەیوەندیدار