٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی بۆ دەرچووانی ئاکادیمیای زاخۆ: ئومێدمان پێتانە

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info-  لە مەراسیمی دەرچوونی 201 ئەفسەری ئافرەت لە ئاکادیمایی لەشکریی زاخۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، ڕایگەیاند، ئومێدمان پێیانە هاوشانی براکانتان خەبات بکەن و قارەمانەتیتان نیشانی جیهان بدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاخۆ، (سەرۆک بارزانی) فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان بەشداریی مەراسیمی دەرچوونی 201 ئافرەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە بە پلەی ملازمی دووەم خوولی ئاکادیمیای زاخۆیان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، لە وتارێکیدا(سەرۆک بارزانی) وێڕای پیرۆزبایی لە کچانی کوردستان بە بۆنەی دەرچوونیان لە ئاکادیمای لەشکریی زاخۆ، رایگەیاند، ئومێدمان پێتانە هاوشانی براکانتان خەبات بکەن و قارەمانەتیتان نیشانی جیهان بدەن.
(سەرۆک بارزانی) لە وتارەکەیداباسی لە بیرۆکە و مێژووی دامەزراندنی ئەو ئاکادیمایە کرد و گوتی، زاخۆ شایەنی هەموو خزمەتێکە، لە ساڵی 1996 کە زاخۆمان بۆ لێ دامەزراندنی ئەم ئەکادیمایە هەڵبژارد بڕیارێکی لەجێی خۆی بوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند، کاتێک وڵاتمان دەکەوێتە بەردەم مەترسیی تیرۆریستان، کوڕ و کچانمان گیانی خۆیان بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمان بەخت دەکەن. ئەمڕۆیش پێشمەرگە سەلماندیان بۆ جیهان کە هێمای بەرخودان و شکستدانی ئوستوورەی داعش بوون.
(سەرۆک بارزانی) هاوکات گوتی، ڕاستە کە زیاتر لە ساڵێکە بە ماندووبوون بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەچننەوە، کە لە ڕێیەوە پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن.. هیوام وایە لە خزمەتی گەلەکەتاندا، هاوشانی پێشمەرگە لە تێکۆشاندا بەردەوام بن، هەڵبەتە لە بەرەکانی جەنگیشدا جیاوازیێک لە نێوان ئێوە و براکانتاندا نییە، بەو هیوایە کچانی دیکەیش ئەم ڕێگایەی ئێوە هەڵبژێرن و لە ڕێگەیەوە خزمەت بە خۆتان و وڵاتەکەتان بکەن.

لە کۆتایی وتارەکەیدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، لێرەوە سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بە دەرفەتیشی دەزانم لە یادی 69 ساڵەی شەهیدبوونی (قازی محەممەد)دا بڵێین، ئەو ئاڵایەی کە ڕادەستی ئێمەت کردووە، هەر بە شەکاوەیی و سەربەرزی دەمێنێتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار