٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بان کی مون: "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانییە..سەرکەوتنی ئێوە جێگەی سەرسامیی جیهانە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەیشی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە سەركەوتنی ئێوە لەم شەڕەدا و لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری جێگەی سەرسامیی هەموو جیهانە.

ڕۆژی شەممە 26ـی 3ـی 2016 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (بان كی مون) سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (جیم یونگ كیم) سەرۆكی بانكی جیهانی و (ئەحمەد عەلی) سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و (جان كۆبیس) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ژمارەیەك  ڕاوێژكار و بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانی و بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی.

لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی بانكی جیهانی و سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و شاندی یاوەریان كرد و هاتنی ئەو شاندە بەرزەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بە پڕبایەخ و مایەی ئومێد بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد.

(سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا باسی لە قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری شەڕێكی قورس، كوردستان ڕووبەڕووی تەحەدیی قەیرانی دارایی بووەتەوە و سەدانهەزار ئاوارەیشی حەواندووەتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی قەیرانی دارایی ئەوەیشی باس كرد كە هەتا ئێستا هیچ لایەنێك لەڕووی دارایی هاوكاریی كوردستانی نەكردووە و حكوومەتی عێراقیش كاری بە پابەندبوونەكانی نەكردووە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم و ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم پابەندی هەموو پێوەر و ئەو بنەمایانە دەبێت كە بۆ چاكسازی پێویستن. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕەچاوی ئەوە بكات كە بەشی زیاتری قورسایی شەڕی تیرۆر و تێچوونی پەنادانی ئاوارەكان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە. داوایشی كرد كە لە سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوە جیهانییەكان ڕێنوێنی و ڕاوێژی پێویست پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

هەر لەم دیدارەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزیشی لە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە لەگەڵ شاندە یاوەرەكەی بۆ نیشاندانی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ گەلی كوردستان هاتووە و ستاییشی سەركردایەتیكردنی (سەرۆك بارزانی) و ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەیشی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە سەركەوتنی ئێوە لەم شەڕەدا و لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری جێگەی سەرسامیی هەموو جیهانە. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە شانیان داوەتە بەر حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو. سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرسامیی خۆی بۆ سەركردایەتییكردنی (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و ئەوەی دووپاتكردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانییە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری.

هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی بانكی جیهانی سەرۆك بارزانیی لە هەوڵەكانی بانكی جیهانی ئاگادار كردەوە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندیی خۆیشی نیشاندا لەسەر بەرنامەی چاكسازیی و جددیبوونی حكوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە و، ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم شاییستەی ئەوەیە جیهان پشتیوانی بێت. هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی لە گوتەیەكدا تەئكیدی لە هاوسۆزیی و پەرۆشیی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە بۆ ئەوە هاتووە كە لەگەڵ بانكی جیهانیدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن لە سەرخستنی چاكسازی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها هاوكاریكردن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەك دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان وەسفكرد و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە كوردستاندا چالاكن.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری پلاندانان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار